حوکمی له‌سێداره‌دانی موسلیح زه‌مانی، عه‌دنان حه‌سه‌نپوور و هیوا بوتیمار به توندی مه‌حکووم ده‌که‌ین
جولای 24, 2007
کۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌م ڕژیمه سه‌رمایه‌دارییه‌ی که 27 ساڵه به عه‌قڵییه‌تی سه‌رده‌می چاخه‌کانی ناوه‌ڕاست درێژه به ته‌مه‌نی شوومی خۆی ئه‌دات و هه‌موو ده‌نگێکی ئازادیخوازانه به زیندان و شکنجه و ئیعدام وه‌ڵام ئه‌داته‌وه، ئه‌م دواییانه هێرشێکی به‌ربڵاوی بۆ سه‌ر خه‌ڵکی وه‌گیانهاتوو ده‌سپێکردۆته‌وه و له ڕۆژانی ڕابردوودا و له دادگاییگه‌لێکی فه‌رمایشی و خه‌ڵخاڵیئاسادا، کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی بێ‌تاوان و ته‌نانه‌ت مناڵی به ئیعدام مه‌حکووم کردووه.
حوکمی ئیعدام بۆ موسلیح زه‌مانی 17 ساڵه،که له ته‌مه‌نی 12 ساڵه‌ییه‌وه له شاری سنه زیندانییه، ئیعدامی (ته‌هماسب )، ئه‌و مناڵه ته‌مه‌ن 10 ساڵه بیر ئه‌خاته‌وه، که ساڵی 1359 له کرماشان به ده‌ستووری ئایه‌توڵڵا خه‌ڵخاڵی ئیعدام کرا. ئه‌و مناڵه‌ی که به‌ر له ئیعدامکرانی به خه‌ڵخاڵی ده‌گوت: من مناڵم و بێ‌تاوان، بۆ من ئیعدام ده‌که‌ن؟! خه‌ڵخاڵی وه‌ڵامی ئه‌دایه‌وه: ئه‌گه‌ر بێگوناح بیت ده‌چیته به‌هه‌شت و ئه‌گه‌ریش گوناحبار بیت ده‌چیته جه‌هه‌ننه‌م!
ڕژیمی ئیعدام و قه‌ساس و سه‌نگسار، که نزیکه‌ی سێ ده‌یه‌یه هه‌موو ئێرانی کردۆته زیندانێکی گه‌وره‌ی ئازادیخوازان، له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، له شاره‌کانی تاران و هه‌مه‌دان 16 که‌سی به به‌رچاوی خه‌ڵکییه‌وه ئیعدام کردوه و به‌م جۆره ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی به شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی له چه‌ند مانگی ڕابردوودا ئیعدام کراوون، له 130 که‌س تێپه‌ڕی. سه‌رانی ده‌موده‌زگای قه‌زایی ڕژیمی ئیسلامی ئێران به‌ڵێنییان داوه، که ژماره‌ی ئیعدامیان له ڕۆژانی ئاینده‌دا زیاد و زیاتر بکه‌ن.
له ڕێکه‌وتی 7ی جولای 2007 له شاری مه‌ریوان و له دادگاییه‌کی فۆرمالیته‌دا، عه‌دنان حه‌سه‌نپوور ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژنامه‌ی داخراوی ئاسۆ و هیوا بوتیمار هه‌ڵسووڕاوی بواری مافی مرۆڤ و ژینگه‌پارێزیی به ئیعدام مه‌حکووم کران.
ئێمه،وێڕای ئه‌وه‌ی که حوکمی ئیعدام له بناخه‌وه به جه‌نایه‌ت ئه‌زانین و خوازیارین که یاسای ئیعدام له یاسای هه‌موو وڵاتان بسڕێته‌وه، حوکمی ئیعدامی عه‌دنان حه‌سه‌نپوور، موسلیح زه‌مانی و هیوا بوتیمار به توندی مه‌حکووم ده‌که‌ین و له ڕێکخراوه چه‌پ و کرێکارییه‌کان و له هه‌موو لایه‌نێکی لایه‌نگری مافی مرۆڤ داوا ده‌که‌ین، که گوشار بخاته سه‌ر کۆماری ئیسلامی، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوکمی ئیعدامی که‌سانی ناوبراو و ئازادکردنی ده‌سبه‌جێیان و ڕاگرتنی خێرای ئه‌و هێرشه خوێناویه‌ی که ڕژیمی ئیسلامی بۆ جارێکی تر له دژی ئینسانییه‌ت وه‌ڕێی خستووه.
کۆمیته‌ی دیفاع له مه‌حموود ساڵحی ـ فینله‌ند
23/7/2007
soran.zaki@hotmail.com
TEL: 00358 (0) 440-604 778
Entry Filed under: ڕاگه‌یاندن. .
Trackback this post | Subscribe to the comments via RSS Feed